نوێترین بابه‌ت

Tuesday, 22 July 2014

دوا وێستگه‌ى ژيانى دونيا مردن


دوا وێستگه‌ى ژيانى دونيا مردن

{كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ }

بسم الله‌ الرحمن الرحیم
هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ له‌م دونيايه‌ بژى و هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نى درێژ بێت و له‌زۆنگاوى ئاره‌زووه‌كانيدا تێر تێر بنۆشێ و به‌درێژايى ڕۆژگار شوێنكه‌وتووى
خۆزگه‌كانى بێت, چاره‌نووسى يه‌ك چاره‌نووسه‌و نه‌گۆڕه‌ ئه‌ويش ((مردنه‌)).

بێ گومان ئه‌م چاره‌نووسه‌ چاره‌نووسى هه‌موو مرۆڤێكه‌ كه‌ده‌رچوون و خۆحه‌شاردان لێى ئه‌سته‌مه‌ وه‌كو خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: (كُلُّ
نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ۖ ثُمَّ إِلَيْنَا تُرْجَعُونَ )(سورة العنكبوت:٥٧), واته‌: هه‌موو كه‌س ده‌بێت مردن بچێژێت (كه‌ى ، له‌كوێ ، به‌چى خوا نه‌بێت كه‌س
نازانێت) له‌وه‌ودوا ته‌نها بۆ لاى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ .

وه‌ هه‌روه‌كو شاعيريش ده‌ڵێت:   

كل ابن أنثى وإن طالت لاسلامته

يوما على آلة الحدباء محمول.

واته‌: مرۆڤ هه‌رچه‌نده‌ ساغ و سه‌لامه‌تيش بێت

ڕۆژێك دێت له‌نێو تابوتدا به‌سه‌رشان بيبه‌ن بۆ گۆڕستان.

ڕۆژێكه‌ كه‌هه‌موو دروست كراوه‌كانى خودا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌رده‌ستى ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ى ووردو درشتى كرده‌وه‌كانيان لێ بپرسێت له‌م دونيايه‌
كه‌ئه‌نجاميان داوه‌. (وَاتَّقُوا يَوْمًا تُرْجَعُونَ فِيهِ إِلَى اللَّهِ ۖ ......) واته‌: (خه‌ڵكينه‌) له‌ سزاو تۆڵه‌ى ڕۆژێك بترسن كه‌ تيايدا بۆ لاى خوا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ .

* به‌ڵێ به‌ڕێزان مردن چاره‌نووسێكه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ئه‌ومان له‌ياد كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و ئێمه‌ له‌ياد ناكات, ئه‌و ڕۆژه‌ دوايه‌مين ڕۆژه‌كانى ژيانه‌, ئه‌و ساته‌يه‌ كه‌قوڕگت ووشك ده‌بێت.

* باش بزانه‌و به‌ئاگابه‌ هيچ ڕۆژێك وه‌كو ئه‌و ساته‌ نى يه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگيت. ڕۆژێكه‌ كه‌خوا نووسيويه‌تى له‌چاره‌نووسى هه‌موو بچوكێك و
گه‌وره‌يه‌ك وه‌هه‌موو چاكه‌كارێك و خراپه‌كارێك.

* مردن ئه‌و كه‌شتييه‌يه‌ كه‌ده‌تگوازێته‌وه‌ له‌كه‌نارى دونياوه‌ بۆ ناوه‌ڕاستى گۆڕ وه‌هه‌ركه‌سێك به‌پێ ى كرده‌وه‌كانى.

* مردن ئه‌و ساته‌يه‌ كه‌مرۆڤ له‌دواتروكاندنى چاوى ده‌ڕوانێته‌ هه‌موو شته‌كان به‌تايبه‌تى بۆ منداڵه‌كانى و كه‌س و كارى, بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى
كه‌لاى دانيشتوون وه‌له‌سه‌ر ڕوخسارى هه‌موو نيشانه‌كانى مردن ده‌رده‌كه‌ون و له‌نێو دڵيدا هه‌موو حه‌زو ئاره‌زووه‌كانى ده‌خنكێن.

* مردن ئه‌و پێوه‌ره‌يه‌ كه‌بێ نرخى دونياى پێ ده‌پێوين.

* مردن ئه‌و ساته‌يه‌ كه‌ئازارت ده‌دات له‌هه‌ر چركه‌يه‌ك كه‌له‌تاواندا به‌سه‌رت بردووه‌.( حَتَّىٰ إِذَا جَاءَ أَحَدَهُمُ الْمَوْتُ قَالَ رَبِّ ارْجِعُونِ لَعَلِّي أَعْمَلُ
صَالِحًا فِيمَا تَرَكْتُ ۚ كَلَّا ۚ إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَائِلُهَا ۖ وَمِنْ وَرَائِهِمْ بَرْزَخٌ إِلَىٰ يَوْمِ يُبْعَثُونَ )(سورة المؤمنون:٩٩_١٠٠), واته‌: (خوانه‌ناسان به‌رده‌وام له‌سه‌ر
ڕێبازى چه‌وتيانن) ، هه‌تا ئه‌و كاته‌ى مردن يه‌خه‌يان ده‌گرێت ، ئه‌وسا هه‌ريه‌كه‌يان ده‌ڵێت : په‌روه‌ردگاره‌ بمگێڕه‌وه‌ بۆ دنيا به‌ڵكو چاكه‌ ئه‌نجام بده‌م
و كارى باش بكه‌م و ئه‌و هه‌لانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ستم چووه‌ له‌مه‌ودوا له‌ ده‌ستى نه‌ده‌م ، (به‌ڵام تازه‌ كار له‌كار ترازاوه‌ ، شتى وا مه‌حاڵه‌ ، بۆيه‌
به‌توندى پێى ده‌وترێت) : نه‌خێر ، ئه‌وه‌ قسه‌يه‌كه‌ ئه‌و بۆ خۆى ده‌يڵێت ، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ جيهانى به‌رزه‌خدا ، له‌ نێوان مردن و زيندوو بوونه‌وه‌دا تا كاتێك زيندوو ده‌كرێنه‌وه‌ چاوه‌ڕێ بێت .

* مردن ئه‌و چركانه‌يه‌ كه‌فريشته‌ى گيان كێشان لێت نزيك ده‌بێته‌وه‌ بانگت ده‌كات بۆ به‌هه‌شت يان دۆزه‌خ.

* مردن ته‌نهايى يه‌, ته‌نهايى گۆڕو كفنه‌.

خوێنه‌رى به‌ڕێز: بيهێنه‌ پێش چاوت كه‌تۆ ئێستا له‌سه‌ر جێگا ڕاكشاويت و له‌سه‌ره‌مه‌رگى و چاوه‌ڕێى فريشته‌ى گيان كێشانى و دواى چه‌ند
ساتێكى تر ڕوحه‌كه‌ت له‌لاشه‌ت جياده‌بێته‌وه‌و ده‌رده‌چێ و ماڵئاوايى هه‌تاهه‌تايى له‌دونيا ده‌كه‌يت, ماڵئاوايى له‌خزم و كه‌س و كارو هاوڕێكانت
ده‌كه‌يت وه‌پاشان پاك ده‌ت شۆنه‌وه‌ دواجار به‌كفنى سپى به‌رگت بۆ ده‌دوورن و پاش چه‌ند خوله‌كێك نوێژت له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به‌ره‌و گۆڕ به‌ڕێت
ده‌خه‌ن و له‌دوايى ناشتنت ماڵئاواييت لێ ده‌كه‌ن و به‌ته‌نها خۆت ده‌بيته‌ ميوانى گۆڕ, ته‌نها خۆت و به‌س كه‌ست له‌گه‌ڵ نامێنێ نه‌باوك و نه‌دايك
و نه‌خێزان و نه‌منداڵ و نه‌براو نه‌خوشك و.. هتد.   ئێستا كه‌تۆ له‌ناو گۆڕيت به‌ته‌نها له‌مه‌نزڵگاى غه‌ريبانى ئه‌گه‌ر چاكه‌خواز بيت ئه‌وه‌ بێ گومان
گۆڕه‌كه‌ت پڕ ده‌بێت له‌نازو نيعمه‌تى خوايى به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ((خوا په‌نامان بدات)) ئه‌گه‌ر له‌كۆمه‌ڵى خراپه‌كاران بيت ئه‌وه‌ گۆڕه‌كه‌ت ده‌بێته‌ شێوێك له‌شێوه‌كانى دۆزه‌خ.

* به‌مردن لاپه‌ڕه‌كانى ژيانت داخرانه‌وه‌و جارێكى تر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژيانى دونيا. خۆشى يه‌كان و ڕابواردن و حه‌زه‌كان و هيواكان سڕانه‌وه‌ ئێستا چاوه‌ڕێى سزاكانى ده‌بيت.

خوێنه‌رى خۆشه‌ويست: چه‌نده‌ها ساڵت له‌ژيانى ئه‌م دونيايه‌ له‌ده‌ست چووه‌ له‌خوداپه‌رستى و خواناسى, بيربكه‌ره‌وه‌ چه‌نده‌ها نوێژت له‌كيس
چووه‌, چه‌نده‌ها ڕۆژووت نه‌گرتووه‌, چه‌نده‌ها چاكه‌ت له‌هه‌ل چووه‌, چه‌نده‌ها... چه‌نده‌ها.. هتد!!. ئێستا تۆ له‌ناو ئه‌م گۆڕه‌دا ئاهى په‌شيمانى
هه‌ڵئه‌كێشى به‌ڵام تازه‌ بێ سووده‌.. گۆڕيش يان ده‌بێته‌ ڕايه‌خه‌ى به‌هه‌شت يان ڕايه‌خه‌ى دۆزه‌خ. بڕيار به‌ده‌ستى خۆته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێت
به‌هه‌شت, ده‌ى كرده‌وه‌ى چاك ئه‌نجام و سازبده‌, وه‌ئه‌گه‌ر نا ((دۆزه‌خ))ى پڕ له‌چه‌رمه‌سه‌ريى و به‌دبه‌ختى و ئازارى كوشنده‌ چاوه‌ڕێته‌.

ئه‌ى ئيماندارى به‌ڕێز :

له‌دواى ژيانى ناو گۆڕ پاشان ڕۆژێك دێته‌ پێش كه‌ئه‌ويش ((ڕۆژى دوايى))يه‌. ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌خه‌ڵكى چاره‌نووسى به‌هه‌تا هه‌تايى ديارى ده‌كرێت,
ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌زه‌وى و ئاسمانه‌كان ده‌گۆڕێنه‌وه‌ به‌زه‌وى و ئاسمانى تر كه‌ته‌نها خوا خۆى ئه‌زانێ و هه‌موو ده‌چنه‌وه‌ به‌رده‌ستى ئه‌و له‌و ڕۆژه‌دا
هيچ كه‌سێك ناتوانێت سوود به‌كه‌سێكى تر بگه‌يه‌نێ و پاڵپشتى بكات, ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌خه‌ڵكى له‌نێو گۆڕه‌كانيان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌و په‌روه‌ردگار
ده‌كه‌ونه‌ ڕێ به‌ڕووتى.. له‌وێ تيره‌گه‌رى و تايفه‌گه‌رى بايه‌خى نى يه‌, له‌وێ ماڵ و سامان گرنگى نى يه‌, وه‌كو خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت :
(فَإِذَا نُفِخَ فِي الصُّورِ فَلَا أَنْسَابَ بَيْنَهُمْ يَوْمَئِذٍ وَلَا يَتَسَاءَلُونَ فَمَنْ ثَقُلَتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ  وَمَنْ خَفَّتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَٰئِكَ الَّذِينَ خَسِرُوا
أَنْفُسَهُمْ فِي جَهَنَّمَ خَالِدُونَ تَلْفَحُ وُجُوهَهُمُ النَّارُ وَهُمْ فِيهَا كَالِحُونَ ) (سورة المؤمنون:١٠١_١٠٤),  واته‌: كاتێك فووو ده‌كرێت به‌ –صور- دا ئه‌وه‌
هيچ په‌يوه‌نديه‌كى خزمايه‌تى له‌و ڕۆژه‌دا  نى يه‌ و كه‌س له‌ كه‌س ناپرسێته‌وه‌ - ئه‌و كه‌سه‌ى ته‌رازووى چاكه‌كانى قورس بێت ، ئا ئه‌وانه‌
سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوون - به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ى ته‌رازووى چاكه‌كانى سووك بێت ، ئه‌وانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن خۆيان له‌ده‌ستداوه‌ و خۆيان خه‌سار و
ڕيسوا كردووه‌ ، ده‌بێت هه‌ر له‌ ناو دۆزه‌خدا ژيانى نه‌بڕاوه‌ ببنه‌ سه‌ر - بڵێسه‌ى ئاگر چڕوچاويان ده‌برژێنێت ، هه‌موويان لێويان هه‌ڵقرچاوه‌ و دانيان
ڕيچ ده‌بێته‌وه‌ (ديمه‌نيان سامناكه‌)

* ڕۆژى دوايى ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌خه‌ون و خه‌ياڵه‌كان هه‌مووى به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌, ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌تێنووسى كرده‌وه‌كانت به‌چاوى خۆت ده‌بينى, ئه‌و ڕۆژه‌يه‌
كه‌مرۆڤ له‌ده‌ستى دايك و باوك و براو هاوسه‌رو منداڵى هه‌ڵدێ و ده‌ڵێ ته‌نها خۆم.. ته‌نها خۆم..

* ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌سته‌مكاران و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌رچيان هه‌بێ ده‌يكه‌نه‌ قوربانى ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ده‌ستى دۆزه‌خ ڕزگاريان بێت. ئه‌ى ئه‌و
كه‌سه‌ى سه‌رپێچى په‌روه‌ردگارت كردووه‌و ياخى بووى له‌فه‌رمانه‌كانى, له‌يادت نه‌چێت ڕۆژێك دێت له‌به‌رده‌ستى په‌روه‌ردگارت ڕاده‌وه‌ستيت
له‌پاش ئه‌وه‌ى بانگ ده‌كرێى له‌نێو هه‌موو خه‌ڵكدا به‌ناوى خۆت ده‌چيته‌ به‌رده‌ستى په‌روه‌ردگارت به‌ته‌نهايى, ئه‌بێت ئه‌و ساتانه‌ به‌لاته‌وه‌ چۆن
بێت كه‌ڕاوه‌ستاويت و به‌ده‌ستت تێنووسى كرده‌وه‌كانت توند گرتووه‌و به‌چاوى خۆت هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانت خوێندۆته‌وه‌ كه‌پڕ بووه‌ له‌تاوان و سه‌رپێچى.

به‌ڕێزم سوێندت ده‌ده‌م به‌په‌روه‌ردگار شه‌رم له‌خودا ناكه‌يت؟ ئه‌و خودايه‌ى هه‌موو نازو نيعمه‌تێكى به‌سه‌رت داباراندووه‌ كه‌چى تۆش به‌و
شێوه‌يه‌ سوپاسى نيعمه‌ته‌كانى ده‌كه‌يت! به‌ڵێ له‌م ساتانه‌ كه‌به‌ته‌نهايى له‌به‌رده‌ستى په‌روه‌ردگارت ڕاوه‌ستاويت هه‌موو وێنه‌ى تاوانه‌كانت
دێته‌وه‌ ياد كه‌ئه‌نجامت داوه‌ به‌رامبه‌ر به‌په‌روه‌ردگار, ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ى كه‌به‌ديهێنه‌رى زه‌وى و ئاسمانه‌.

براو خوشكى به‌ڕێزم :

وه‌ڵامت چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت پێى ووتى: ئه‌ى به‌نده‌كه‌م.. باشه‌ بۆ منت به‌گه‌وره‌ نه‌زانى؟ باشه‌ بۆ شه‌رمت له‌من نه‌كرد؟.. باشه‌ نازو
نيعمه‌تم پێ نه‌به‌خشيويت؟ ده‌ره‌نجام بۆ ياخى بوويت و له‌فه‌رمانه‌كانم ده‌رچوويت؟

خوێنه‌رى به‌ڕێز :

ڕۆژێك دێت كه‌خواناسان له‌گۆڕه‌كانيان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕوويه‌كى سپى و گه‌شه‌وه‌ كه‌نێو چاوانيان ده‌دره‌وشێته‌وه‌ له‌ده‌رئه‌نجامى كرده‌وه‌
چاكه‌كانيان وه‌فريشته‌كانى خوا پۆل پۆل دێنه‌ پێشوازييان… وه‌خواى په‌روه‌ردگار به‌فريشته‌كانى ده‌ڵێت: ئه‌ى فريشته‌كان به‌نده‌كانم ببه‌ن بۆ
به‌هه‌شت بۆ ئه‌و جێگه‌يه‌ى كه‌پڕه‌ له‌نازو نيعمه‌ت.. ئه‌و جێگه‌يه‌ى كه‌مه‌ڵبه‌ندى ڕازى بوونى خۆمه‌ ئيتر له‌م ساته‌ به‌دواوه‌ ناخۆشى و ناڕه‌حه‌تى
و نه‌خۆشى نامێنێ.. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا بيربكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت حاڵى خوانه‌ناسان چۆن بێت, خواى په‌روه‌ردگار به‌فريشته‌كانى ده‌ڵێت: ئه‌ى
فريشته‌كان ((خوانه‌ناسان و ئه‌وانه‌ى سه‌رپێچى منيان)) كردووه‌ بيانبه‌ن به‌ره‌و دۆزه‌خ.. به‌ره‌و ناڕه‌حه‌تى و به‌دبه‌ختى و ناخۆشى..

له‌و ساتانه‌دا ده‌بێت حاڵى ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن بێت؟! له‌و كاته‌دا دڵى مرۆڤى خوانه‌ناس ده‌كه‌وێته‌ خورپه‌وه‌و جه‌سته‌ى هه‌مووى ده‌له‌رزێ و
په‌شيمان ده‌بێته‌وه‌ له‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ى كردوويه‌تى له‌دونيا.. له‌هه‌موو ساتێكى دا سه‌دان جار هه‌ناسه‌ى ساردى په‌شيمانى هه‌ڵئه‌كێشێ بۆ
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژيانى دونيا تاوه‌كو جارێكى تر تاوان نه‌كات و بڕيار بدات ملكه‌چى فه‌رمانه‌كانى خوا بێت به‌ڵام سه‌د مه‌خابن تازه‌ بڕيارى چاره‌نووسى
هه‌تاهه‌تايى دراوه‌ كه‌ئه‌ويش ((ئاگرى دۆزه‌خ))ه‌.

زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌

ئه‌ى خوێنه‌رى خۆشه‌ويست ئێستا كه‌تۆ چاوت خستۆته‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه‌و ئه‌م نووسراوه‌ ده‌خوێنيته‌وه‌ دياره‌ هێشتا هه‌ناسه‌ت له‌به‌ر ماوه‌و
ژيانت كۆتايى نه‌هاتووه‌ ئه‌بێت ئاگادارو چالاك و ووريا بيت.. به‌رده‌وام به‌ له‌سه‌ر خواناسى و خوداپه‌رستى ئه‌گه‌ر تاوانێكت ئه‌نجام داوه‌ هه‌ر
ئێستا په‌شيمان به‌ره‌وه‌و بگه‌ڕێوه‌ بۆ لاى خواى باڵاده‌ست. تاوه‌كو له‌زۆنگاوى تاوان ده‌رباز بيت و به‌ره‌و كه‌نارى خۆشبه‌ختى هه‌نگاو هه‌ڵنێى.
دوا وێستگه‌ى ژيانى دونيا مردن
  • ناونیشان : دوا وێستگه‌ى ژيانى دونيا مردن
  • نووسه‌ر :
  • ‌كات : 22:10
  • بڵاوكراوه‌ له‌ به‌شی:

بابه‌تی هه‌مان به‌ش

  • لێدوانی گۆگڵ
  • لێدوانی فه‌س بووك
Top